لە سەرەتای زانستی پاتۆلۆژییەوە، پشت بە ڕەنگکردنی کیمیایی بەستراوە بۆ بینینی وردەکارییەکانی خانە و شانەکان لەژێر مایکرۆسکۆپدا. ڕەنگەکان وەک H&E شانەکە وەک خۆی نیشان نادەن، بەڵکو بە شێوەیەک ڕەنگی دەکەن کە جیاکردنەوەی ناوک و سایتۆپلازم و شانەی گرێدەر ئاسان دەکات.
بەڵام… ئەم شێوازە سنووردارێتی خۆی هەیە: نموونەکە بەکار دەبات، کاتێکی دەوێت، و تەنها یەک جۆر لە جیاوازی (contrast) لە هەر جارێکدا دەدات.
لێرەدا ڕۆڵی
IllumiSonics MLI – وێنەگرتنی فرە-لێزەر (Multi-Laser Imaging) دێتە ئاراوە:
بیرۆکەی سەرەکی
تەکنیکەکە پشت بە تیشکی لێزەری فرە-ڕەنگ/درێژی شەپۆل دەبەستێت کە دەخرێتە سەر شانەکە.
کاتێک ڕووناکی کارلێک لەگەڵ شانەکە دەکات، چەندین دیاردەی سروشتی ڕوودەدەن:
• هەندێک لە ڕووناکییەکە هەڵدەمژرێت.
• هەندێکی دەدرێتەوە (reflects).
• هەندێکی بەپێی جۆری گەردیلە (molecules) بوونیان هەیە، دەگۆڕێت.
ئەم کارلێککردنانە وەک پەنجەمۆرێکی ڕووناکی و گەردیلەیین بۆ هەر خانەیەک و بۆ هەر پڕۆتینێک و چەورییەک و شانەیەک.
ئامێرەکە ئەم پەنجەمۆرانە بە شێوەیەکی دیجیتاڵی و بە وردبینییەکی بەرز تۆمار دەکات.
چۆن ئەنجامەکان دەخوێنینەوە؟
لە جیاتی ئەوەی ڕەنگێکی کیمیایی زیاد بکەین، زیرەکی دەستکرد (AI) دێت و ئەم پەنجەمۆرانە دەکاتە وێنەیەک کە زۆر لە ڕەنگکردنە باوەکان دەچێت.
بە واتایەکی تر:
• شانەکە بە شێوەیەکی ڕاستەقینە ڕەنگ ناکەین.
• بەڵام دەتوانین شانەکە ببینین وەک ئەوەی H&E یان PAS یان Masson’s Trichrome… و هی ترمان بەکار هێنابێت.
سەرباری ئەوە، MLI دەتوانێت زانیاریی زیادە نیشان بدات کە بە ڕەنگە ئاساییەکان ناکرێت، وەک:
• هەڵمژینی گشتی (Total Absorption – TA): بڕی ئەو ڕووناکییەی کە شانەکە هەڵی مژیوە.
• ڕێژەی کارایی کوانتۆمی (Quantum Efficiency Ratio – QER): کارایی کارلێککردنی ڕووناکی گەردیلەکان لەناو شانەکەدا.
ئەم داتایانە ئاستە جیاوازەکانی پێکهاتەی گەردیلەییمان بۆ ئاشکرا دەکەن، کە لە پاتۆلۆژیی باودا نەدەکرا.
لێکچواندنێکی سادە
بیهێنە پێش چاوت کە نموونەکە تابلۆیەکی ڕەنگ نەکراوە.
بە شێوازە کۆنەکان، ڕەنگمان (صبغە) زیاد دەکرد بۆ ئەوەی بیبینین.
بەڵام لەگەڵ MLI، خودی تابلۆکە ڕەنگە سروشتییەکانی خۆی بۆ ڕووناک دەکاتەوە کاتێک ڕووناکی گونجاوی دەخرێتە سەر، پاشان کۆمپیوتەر وێنەیەکی تەواو دروست دەکاتەوە، کە دەکرێت لە نێوان H&E، PAS، هتد… بگۆڕدرێت بەبێ دەستکاریکردنی تابلۆ ڕەسەنەکە.
ئەمە بە کردەوە چی دەگەیەنێت بۆ پاتۆلۆجیست؟
• هەمان سلاید دەتوانێت دەیان “ڕەنگکردنی” گریمانەیی بدات.
• پێویست بە دووبارە وەرگرتنی نموونە یان بەفیڕۆدانی شانەکە ناکات.
• ئەنجامی خێراتر: لە جیاتی چاوەڕێکردنی کاتێکی زۆر بۆ ڕەنگکردن و پشکنین، دەتوانیت لە ماوەی چەند خولەکێکدا وێنەیەکی شیاوی دەستنیشانکردن بەدەست بهێنیت.
• وردبینی زیاتر: چونکە تەنها شێوەی خانەکان نابینیت، بەڵکو تایبەتمەندییە گەردیلەییەکانیشیان دەبینیت.
پوختە:
تەکنیکی MLI تەنها ئامرازی ڕەنگکردن ناگۆڕێت، بەڵکو شێوازی بینینی خودی شانەکە دەگۆڕێت:
• لە بینینێکی ڕووکەش بە ڕەنگە کیمیاییەکانەوە،
• بۆ بینینێکی گەردیلەیی ڕاستەقینە بە بەکارهێنانی ڕووناکی.
